(114) له زۆربه‌ی چپه و سرته و قسه نهێنیه‌کانیاندا هیچ خێرێک به‌دی ناکرێت و تیایدا نیه، مه‌گه‌ر چپه‌ی ئه‌و که‌سه‌ی که فه‌رمان بدات به‌به‌خششێک، یان چاکه‌یه‌ک، یان ڕێکخستن و چاکسازی و ئاشتبوونه‌وه‌یه‌کی نێوان خه‌ڵکی، جا ئه‌وه‌ی (ئه‌و شێوازه چاکه‌یه) ئه‌نجام بدات و مه‌به‌ستی ته‌نها ده‌ستکه‌وتنی ڕه‌زامه‌ندی خوا بێت، ئه‌وه له ئاینده‌دا پاداشتی زۆر‌و بێ سنوور و گه‌وره‌ی پێده‌به‌خشین.
(115) ئه‌وه‌ش دوژمنایه‌تی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) بکات و لێی جیابێته‌وه له دوای ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ی ڕاست و دروستی بۆ ڕوون بۆته‌وه و ڕێبازێک بگرێته‌به‌ر که جیابێت له ڕێگه‌و ڕێبازی ئیمانداران، ئه‌وه ڕووی وه‌رده‌چه‌رخێنین بۆ ئه‌و ڕووگه‌و به‌رنامه‌یه‌ی هه‌ڵی بژاردووه‌و ڕووی تێکردووه، (له قیامه‌تیشدا) ده‌یخاته ناو دۆزه‌خه‌وه و ده‌یسوتێنین که ئه‌ویش سه‌رئه‌نجامێکی زۆر ناخۆش و سامناکه.
(116) به‌ڕاستی خوا خۆش نابێت له‌وه هاوه‌ڵ و شه‌ریکی بۆ بڕیار بدرێت و جگه له‌و (هاوبه‌ش دانانه) له گوناهانی تر بۆ هه‌ر که‌س بیه‌وێت و شایسته بێت و (په‌شیمان بێت) خۆش ده‌بێت، جا ئه‌وه‌ی شه‌ریک و هاوه‌ڵ بۆ خوا بڕیار بدات، ئه‌وه به‌ڕاستی گومڕا بووه به‌گومڕاییه‌کی زۆر دوور.
(117) (ئه‌و هاوه‌ڵگه‌رانه) ئه‌وه‌ی هاناو هاواری بۆ ده‌به‌ن و ده‌یپه‌رستن ـ جگه له‌خوا ـ چه‌ند په‌رستراوێکی کار تێکراون (په‌رستراو ده‌بێت کارتێکه‌ر بێت نه‌ک کارتێکراو، بۆیه بته‌کانیان به‌مێینه ناوناوه وه‌ک: لات و عوززا)، ته‌نها هاناو هاواریشیان هه‌ر بۆ شه‌یتانی سه‌رکه‌ش و یاخی یه که له هه‌موو خێرێک داماڵراوه.
(118) ئه‌و شه‌یتانه‌ی که خوا نه‌فرینی لێکردووه وتوویه‌تی: سوێند بێت به تۆ ئه‌ی خوا به‌شێکی دیاریکراو له به‌نده‌کانت دائه‌بڕم له ئیمان و خواناسی.
(119) سوێند بێت به تۆ گومڕایان ده‌که‌م و به ئاوات و خه‌یاڵی پووچه‌وه سه‌رگه‌رمیان ده‌که‌م و خۆم فرمانیان پێده‌ده‌م و هانیان ده‌ده‌م و ئه‌وجا ئه‌وانیش بێگومان گوێی ئاژه‌ڵه‌کانیان ده‌بڕن، هه‌روه‌ها فرمانیان پێ ده‌ده‌م ئه‌وانیش دروست کراوانی خوا ده‌ستکاری بکه‌ن و بیگۆڕن (له‌م سه‌رده‌مه‌دا ئه‌ڵقه له‌گوێکانی به‌ناو زانا ده‌ستکاریی جینات و سیفاتی ڕه‌چه‌ڵه‌کیی ده‌که‌ن و به‌گوێی شه‌یتان ده‌که‌ن، ئاده‌میزادو زینده‌وه‌ران تێکده‌ده‌ن، جگه له‌هه‌ندێکیان نه‌بێت که مه‌به‌ستیان خزمه‌تی ئاده‌میزاده)، جا ئه‌وه‌ی له جیاتی خوا شه‌یتان بکاته پشتیوانی خۆی، ئه‌وه به‌ڕاستی دووچاری زیان و خه‌ساره‌تمه‌ندیه‌کی ئاشکرا بووه.
(120) (شه‌یتان) به‌ڵێنیان ده‌داتێ و ئاوات و ئاره‌زوو ده‌ڕازێنێته‌وه بۆیان، دیاره که شه‌یتانیش هیچ به‌ڵێنێکیان پێنادات جگه له فریودان و خه‌ڵه‌تاندن نه‌بێت.
(121) ئائه‌وانه جێگه‌و سه‌ره‌نجامیان دۆزه‌خه و که‌لێنی لێ ده‌رچوونیان ده‌ست ناکه‌وێت.