(46) گوێڕایه‌ڵی خوا‌و پێغه‌مبه‌ره‌که‌شی بکه‌ن له هه‌موو کردار‌و گوفتارێکداو ئاشووب و ئاژاوه مه‌گێڕن و مه‌چن به‌گژ یه‌کدا، خۆ ئه‌گه‌ر بچن به‌گژ یه‌کداو یه‌کتر بشکێنن، ئه‌وه شکست و لاوازی ڕووتان تێده‌کات و هه‌یبه‌ت و شکۆداری و ده‌سه‌ڵاتتان له‌به‌ین ده‌چێت و ده‌بێت خۆگرو نه‌فس درێژ بن (هه‌م له مه‌یدانی جه‌نگدا، هه‌م له‌ناو یه‌کتردا) چونکه به‌ڕاستی خوا یارو یاوه‌ری خۆگرو ئارامگرانه.
(47) نه‌که‌ن وه‌ک ئه‌و جۆره که‌سانه بن که له وڵات و شوێنی خۆیان ده‌رچوون له‌به‌ر که‌ش و فش کردن و خۆ نواندن له‌به‌ر چاوی خه‌ڵک و ده‌یانه‌وێت کۆسپ بخه‌نه به‌رده‌م ڕێباز‌و ئاینی خوا، له‌کاتێکدا که خوای گه‌وره‌ش به‌ئاگایه به سه‌ره‌تاو سه‌ره‌نجامی هه‌موو ئه‌و کاروکرده‌وانه‌ی که ده‌یکه‌ن.
(48) کاتێکیش شه‌یتان (به‌وه‌سوه‌سه و خه‌یاڵ) هه‌موو کرده‌وه ناپه‌سه‌ندو ناڕه‌واکانی بۆ ڕازاندنه‌وه، وتی: ئه‌مڕۆ هیچ که‌س ده‌ره‌قه‌تی ئێوه نایه‌ت و دڵنیابن منیش پشت و په‌نام بۆ ئێوه، جا کاتێک ئه‌و دوو له‌شکره یه‌کتریان بینی، ده‌ستبه‌جێ شه‌یتان پاشه‌و پاش گه‌ڕایه‌وه‌و وتی: به‌ڕاستی من به‌ریم له ئێوه! چونکه به‌ڕاستی ئه‌وه‌ی من ده‌یبینم ئێوه نایبینن، (دیاره که شه‌یتان بینیوویه‌تی چۆن فریشته ده‌سته ده‌سته داده‌به‌زن بۆ یارمه‌تی ئیمانداران، بۆیه له ترسا وتی): بێگومان من له خوا ده‌ترسم، خوایش زۆر سه‌خت و به زه‌بره له تۆڵه‌دا.
(49) کاتێک دووڕووه‌کان و ئه‌وانه‌ی له دڵیان‌دا نه‌خۆشی (بێ ئیمانی) تیا جێگیر بوو (به ئیماندارانیان) ده‌وت: ئا ئه‌وانه ئاینه‌که‌یان له خۆبایی کردوون (ئه‌گینا به‌و ژماره که‌مه‌وه چۆن خۆیان ده‌گرن)، (خوایش ده‌فه‌رمووێت) ئه‌وه‌ی پشت به‌خوا ببه‌ستێت، ئه‌وه به‌ڕاستی خوا باڵاده‌ست و دانایه.
(50) ئه‌گه‌ر ده‌تبینی کاتێک فریشته‌کان گیانی ئه‌وانه‌یان ده‌کێشا که بێ باوه‌ڕ بوون! که ده‌یانکێشا به‌ده‌م و چاو و پشتیاندا و (ڕاپێچیان ده‌کردن بۆ دۆزه‌خ و، پێیان ده‌وتن): ده بچێژن سزایه‌کی سوتێنه‌ر...
(51) (هه‌روه‌ها پێیان ده‌وتن) ئه‌و لێدان و سزایه هه‌ر به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌یه که خۆتان به ده‌ستی خۆتان پێشتان خستووه و چونکه به‌ڕاستی خوا به‌هیچ شێوه‌یه‌ک سته‌مکار نیه له به‌نده‌کانی.
(52) کار‌و کرده‌وه‌ی (خوانه‌ناسان له هه‌موو سه‌رده‌مێکدا) وه‌کو داب و نه‌ریتی فیرعه‌ون و ئه‌و که‌سانه وایه که له (سه‌رده‌مه) پێشووه‌کاندا هاتوون پێش ئه‌مان، ئه‌وانه بڕوایان نه‌بوو به‌ئایه‌ت و فه‌رمانه‌کانی خوا، جا خوایش خه‌شمی لێ گرتن و له‌ناوی بردن به‌هۆی گوناهو تاوانیانه‌وه، به‌ڕاستی خوا به توانا‌و به‌زه‌بره له تۆڵه‌دا.