(69) (هه‌رچه‌نده) تاوانی نه‌فامان هیچ کار ناکاته سه‌ر پاداشتی ئه‌وانه‌ی خواناس و دیندارن، به‌ڵام (ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی پێشوو) یادخستنه‌وه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان بپارێزن (له‌و کۆڕ‌و کۆمه‌ڵانه و یاخیه‌کانیش دابچڵه‌کێن).
(70) (ئه‌ی محمد (صلى الله عليه وسلم)، ئه‌ی ئیماندار) وازله‌وانه بهێنه که ئاینی خۆیان کردووه به‌گاڵته‌وگاڵته‌جار و ژیانی دنیا فریوی داون و سه‌ر لێشێواوی کردوون، یادیان بهێنه‌ره‌وه به‌قورئان تا که‌س تیا نه‌چێت به‌هۆی کار‌و کرده‌وه‌ی ناله‌باریه‌وه، ئه‌و کاته جگه له خوا که‌س نه‌بێت پشتیوانی بێت، که‌سیش نه‌بێت تکاکاری بێت، چونکه کابرای خوانه‌ناس هه‌رچیه‌کی ببێت و بیه‌وێت بیکاته بارمته‌و فیدیه‌ی خۆی، لێی وه‌رناگرێت، ئا ئه‌وانه کاسانێکن که گرفتار بوون و تیاچوون به ده‌ست کار‌و کرده‌وه‌ی ناله‌باری خۆیانه‌وه، بۆ ئه‌وانه خواردنه‌وه و ئاوی له‌کوڵ و سزای به‌ئێش ئاماده‌یه، به‌هۆی بێ باوه‌ڕ بوونیانه‌وه.
(71) پێیان بڵێ: (ئایا ڕه‌وایه) په‌رستن و هاناو هاوار بۆ که‌سێک یان بۆ شتێک به‌رین، که نه ده‌توانێت قازانجمان پێبگه‌یه‌نێت نه زیان، ئایا ڕاسته پاشگه‌ز بکرێینه‌وه دوای ئه‌وه‌ی خوا هیدایه‌تی داین، ئێمه وه‌کو ئه‌و که‌سه بین که شه‌یتانه‌کان ده‌ستیان لێوه‌شاند بێت و شێتیان کردبێت، به‌سه‌ر زه‌ویدا سه‌رگه‌ردان بسوڕێته‌وه و چه‌ند هاوه‌ڵێکی (دڵسۆز)ی هه‌بێت، بانگی بکه‌ن بۆ ڕێبازی هیدایه‌ت و (به‌سۆزه‌وه پێی بڵێن): وه‌ره بۆ لای ئێمه، (ئه‌ی محمد (صلى الله عليه وسلم)، ئه‌ی ئیماندار) تۆ بڵێ: به‌ڕاستی من دڵنیام که هه‌ر ڕێنموویی خوا (ئاینی ئیسلام) ڕێنموویی ته‌واوه، ئێمه فه‌رمانمان پێدراوه که ته‌سلیم و فه‌رمانبه‌رداری په‌روه‌ردگاری جیهانیان ببین، (به‌قسه‌ی شه‌یتانه‌کان نه‌که‌ین).
(72) هه‌روه‌ها (فه‌رمانمان پێدراوه): نوێژ‌و دروشمه‌کانی به‌چاکی ئه‌نجام بده‌ن و له خه‌شم و قینی خوا خۆتان بپارێزن، ئه‌و په‌روه‌ردگاره ئه‌وه‌یه که هه‌ر بۆ لای ئه‌و کۆ ده‌کرێینه‌وه.
(73) هه‌ر ئه‌و زاته ئاسمانه‌کان و زه‌وی له‌سه‌ر بنچینه‌و بناغه‌ی حه‌ق و ڕاستی دروست کردووه، هه‌ر ڕۆژێک هه‌ر کاتێک فه‌رمان (به نه‌مان و له‌ناوچوونی بدات) بێ دواکه‌وتن پێش دێت، فه‌رمان و گوفتاری ئه‌وزاته هه‌میشه ڕاست و به‌جێیه و ئه‌نجامدراوه، له‌و ڕۆژه‌ی فوو ده‌کرێت به (صور)دا ده‌سه‌ڵات ته‌نها بۆ خوایه، هه‌ر ئه‌و زانای نهێنی و ئاشکرایه، هه‌ر ئه‌ویش خوایه‌کی دانا و ئاگایه (به هه‌موو به‌دیهێنراوه‌کانی).